هەرێمی كوردستان ناوەندی ئایینە كۆنەكانی وەك میترایی و زەردەشتیە. سەرزەوی بەیەكەوە ژیانی ئاشتیانەی ئایینەكانی وەك: (ئیسلام، كریستیانن ئیزدایەتی، حەقە و كاكەییە) و كۆمەڵێك باوەر و ئایینی دیكەیە. جێگای سەرهەڵدانی زۆر لە پەیامبەرانی وەك: (زەردەشت، ئیبراهیم خەلیلوللا، نوح، ئەیوب، عوزێر و دانال) بووە و ژمارەیەكی زۆر لە مەزارگەی پیاوانی ئایینی تێدایە. مایەی سەرەنجدانە كە باوەرەكانی رێبازەكانی (قادری و نەقشەبەندی و سەهرەوەردی) لە برەودایە و لە ئێستادا هەریەكەیان لە كوردستاندا خاوەنی هەزاران شوێنكەوتوون. ژمارەیەكی زۆر لە مزگەوت و كلیسا و مەزارگەی كۆن لە كوردستان بەرچاو دەكەون و هەر ئەمەش هۆكارێكی بنەرەتیە بۆ راكێشانی گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوە كە بۆ زیارەتی شوێنە ئایینیەكانیان و نزاكردن، هەروەها رێزگرتن لێیان دێنە ئەو شوێنانە. بەشێك لەو گەشتیارانەی لە دەرەوە دێن، بۆ زیارەتی مەزاری شێخەكانی (بیارە و تەوێڵە) دێن كە كەوتوونەتە ناوچەی هەورامان لە پارێزگای هەلەبجە. دەكرێت باسی هەندێ نمونە لە شوێنەكانی ئایینی ئەو ووڵاتە بكەین، وەك مەزارەكانی: "كاك ئەحمەدی شێخ، شێخی باڵك، عوزێری پەیامبەر، سولتان موزەفەرەدین لە هەولێر و شێخ عبدولقادری گیلانی". لە مەزارگەكانی برایانی كریستیانیش: "مار رەبەن بۆیە، مار بینیا قەدیشا لە هەولێر). گەورەترین پەرەستگای ئیزدایەتیش لە جیهاندا بریتیە لە "پەرەستگای لالەش" كە لە شاری شێخان لە نزیك دهۆكە.