Visa Arrangement
بۆ زیاتر ناسینی كوردستان پێویستە زیاتر قوول ببینەوە و وەك ووتمان بچینە ناو مێژووی كوردستان، ئەم سەرزەویە لە (3000 پ. ز) بەردەوام خاوەنی حكومەتە خێڵەكیەكان بووە و دانیشتوانی رەسەنەكەی بریتی بوون لە: (كاسنی، كاردۆخی یا كاردۆكی، گووتی، لولوبی و حالدیەكان). ئەو نەتەوانە كە هەموویان لە باپیرانی ماد (كورد) بوون، دوای ماوەیەك یەكیان گرت. مادەكان یەكەم دەوڵەت یا ئیمپراتۆریەتی بەهێزی ئەو ناوچەیە بوون كە توانیان لەشكری گەورە پێك بهێنن و ناوچەگەلێكی زۆر بخەنە ژێر ركێفی خۆیان، ئەوان بوون توانیان حكومەتە خوێنرێژەكەی ئاشوور لە ناو ببەن. دەوڵەتی ماد (هۆخشتەرە) توانی دەوڵەتە بەهێزەكانی ئەوكاتی وەك (ئاشوور و بابل) لاواز بكات و دەستیان گرت بەسەر تەواوی ئەرمەنستان و ئاسیای بچووك تا دەگەیشتە رووباری هالیس. عیلام، پارس، هێركانی، تەبەرستان و باكتریا لە ژێر ركێف و فەرمانی مادەكان بوون. ئەو دەوڵەتە بوو كە بنەماكانی بەرێوەبردنی وڵات، یەكگرتنی خێڵەكان و رێكارەكانی جەنگی داهێنا، هەروەك (كوروش) دامەزرێنەری زنجیرە پاشایەتی ئەخمینیەكان (هەخامەنشیەكان) سوودی لە داب و نەریت و رێورەسم و تەنانەت شێوازی پۆشاكی مادەكان بینیوە.